تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کوردی لێ کەوتەوە

16:07 - 4 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی سنووری مەریوان تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پینجشەممە ٢ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سنووری\"شلێر\" لە نێوان گوندەکانی\"باریکەدەرە\" و \"هەنجیران\" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە.

هەواڵنێری کوردپا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە ڕایگەیاند: هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە.

ئەو سەرچاوە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتیی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"ئەمیر\" خەڵکی شاری سەقز بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، لەو ڕووداوەدا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی دەستیان بە سەر کەلوپەلی ١٥ کۆڵبەری کورد گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتیی، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، ماشینی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی \"نێژاد محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"کێلە\"یان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

لەو ڕووداوەدا، ئەو لاوە کوردە ٤ گوللەی بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.
ئەو لاوە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە، بۆ ناوەندە دەرمانی شاری سنە گواستراوتەوە.