تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی کوردی بەدواوە بوو

23:07 - 16 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە نزیک گوندی\"کانی دانیار\" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەلاسی باوەجانی شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە\"محەممەد باهر قەیتوولی\" خەڵکی شاری پاوە و دانیشتووی شاری سەلاسی باوەجانی ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیران بە گومانی ئەوەیکە ئەو کاسبکارە کوردە شتومەکی قاچاغی پێی بووە، ماشینی ناوبراویان داوتە بەر دەستڕێژی گوللە.

ئەو کاسبکارە کوردە خێزاندار بووە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\" وەحید بروکانلوو\"بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی لە شاری ماکۆ بە سەختی پێکرا و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی گوللە لە لای پشتیەوە بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ کراوە.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان ڕەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.