تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران گیانی لاوێکی بەلوچی ئەستاند

13:57 - 19 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی بەلوچ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا.

کەمپەینی چالاکانی بەلوچ لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد؛ ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر هێزەکانی سپای پاسداران، لقی مێرساد لە ڕێگەی ئێرانشار – چابەهار تەقەیان لە ماشینێکی پژۆ ٤٠٥ کرد کە بەهۆیەوە لاوێکی خەڵکی \"سەرباز\"ی بەلوچستان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

بە وتەی شایەتحاڵەکان پاش کوشتنی و سوتاندنی ئەم لاوە ٢٣ ساڵە، چەکدارەکانی سپای پاسداران دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتووە و هەڵاتوون.

بەپێی ئامارێک کە ئەم کەمپەینە بڵاوی کردۆتەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەمشێوەیە دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی بەلوچ و تا ئێستا لانیکەم ٥٢ هاووڵاتی بەلوچ بەمشێوەیە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون.

ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانیش هێزە ئینتزامییەکانی حکومەت لە زاهێدان تەقەیان لە ماشینێکی تر کرد کە بەهۆیەوە ٤ هاووڵاتی بەلوچ کوژران کە ئەو کاتەش بەپێی هەواڵەکان بکەرانی ئەم کردەوە دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان جێهێشت و هەڵاتن.