تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران درێژەی هەیە

20:35 - 14 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی دیکە لە شاری سەردەشت بە سەختی بریندار بوو، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی دیکە کورد لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت بە تەقەی ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکووکەتی ئیسلامیی ئێران پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لای سەریەوە بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کراوە.

ئەو سەرچاوە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی عۆسمان ئەحمەدی تەمەن ٣٥ ساڵە کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی\"دۆڵێ\"ی ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئێوارەی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە گەرووی قوڵقوڵەی شاری سەلاسی باوەجانی کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی پەیمان کەرەمی بەر دەستڕێژی گوللەی داوە و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە بریندار بووه.

لە هەواڵێکی دیکەی پەیوەندیدار بە کۆڵبەران، دوێنی سێ‌شەممە ١٢ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ڕزگار ساکانی‌فه‌ر\" خەڵکی گوندی \"پێسان\" سەر به ناوچەی تەرگەوەڕ لە گۆندی \"کوران\" سەر به ناوچەی سۆما و برادۆست، ژێر هەرەسی ڕنوو کەوتووە، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نیه.

باوکی ئاکام(محەممەد) حەمزەزادە یەکێک لە کۆڵبەرانی گیان لە دەستداوی ڕووداوی ڕنوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی\"شهروند\" گوتی:\"ئاکام بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری کردەوە\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بێکاری لە شارەکانی مەهاباد و سەردەشت و شارە سنوورەیەکانی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە، هەژاری و دەستکورتی و بێچارەیی بەشی ئێمەیە، لەم ناوچەیەدا هەتا سەد کیلۆمیتری کارگەیەکی تێدا نیە.

لەم حەوتوویەدا، لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار بە هۆی هەرەسی ڕنوو و سەرما و سۆڵە ٦کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ڕابردوو( ٢٠١٦ ) زایینی ١٢٢کۆڵبەر کوژرا و بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ئامارە ٥١ کەس کوژراو و ٧١ کەسی دیکە بریندار بوون.