تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرانی چوار ئەسپی لێ کەوتەوە

21:05 - 6 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسدران لە ناوچەی هەورامان، چوار سەرئەسپی کاسبکارانی کورد لەو ناوچەیە بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٥ی پووشپەڕ، لە ئەنجامی بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدران لە سنووری نێوان نۆدشە و تەوێلە چوار سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٠ شەو لە شوێنێک بە ناوی\"نەڵکمینە\" ڕوویداوە.

لە ئەنجامی ئەو دەستریژی و تەقەکردنەدا ٤ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.