تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، برینداربوونی دوو کۆڵبەری لێکەوتەوە

14:49 - 9 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری پیرانشاری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"ئیمیرجینسیـ\"ـی هەولێر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"محەممەد چووکەڵی و محەممەد حوسێنزادە\"، خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران پێکران.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: \"ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە لە لای ڕان، پشت و دەستیان بریندار بوون.\"

ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، وتی: \"ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، لە شوێنێک بە ناوی \"شاخە ڕووخاو\" لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا تەقەیان لێکراوە\".

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە: \"ئەم کۆڵبەرانە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان ڕاگوێزراون و و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە، ڕەوانەی \"ئیمیرجینسیـ\"ـی شاری هەولێر کراون\".

ئەم دوو کۆڵبەر کوردە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی ئیمیرجینسیی شاری هەولێر و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.