تەقەی هێزەکانی حکوومەتی لە کۆڵبەرانی کورد درێژەی هەیە

14:20 - 25 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقە ڕاستەوخۆکانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی ورمێ کەوتە بەر دەسڕیژی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەستدا.

حەسەن ئەمینی ڕەواندی شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"شێخان\" لە ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ ڕاگەیەنراوە.

\"حسندەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شێخ سڵە سەر بە سەلاسی باوەجانی گیانی لە دەست دا.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

هەتاکوو ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حقووقی و حەقیقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە کۆڵبەران و کاسبکاران، لە ناوچە سنوورییەکان بە دواداچوونی یاسایی بۆیان نەکردووە و هەروەها دۆسیەی قەزایی ئەو کەسانە کە بریندار یان گیانیان لە دەست داوە بە بیانووی\"پارستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\" ئاکامێکی ئەرێنی لێ نەکەتووتەوە.

پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی سەنعەتی و هەروەها نەبوونی سەرمایەگوزاری دەوڵەتی لە پەرەپێدانی ئابووری درێژخایەن بێبەش کراوە و نرخی بێکاری بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران، ڕێژەکەی لە سەرەوەیە.