تەقەی هێزەکانی حکوومەتی دوو منداڵی لە نازی باوکیان بێبەری کرد

15:20 - 13 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای\"سێڵوێ\" کوژرانی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشاری لێ کەوتەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ١٣ی گەلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە پاسگای سێڵوێ کوژرا.

\"\"
فەرهاد زەردی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە\"فەرهاد زەردی\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کاسبکارە کوردە لە لایەن هێزەکانی پاسگای سێڵوێ لە سێ ڕێانی\"پیرکانیان\" دراوتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرهاد زەردی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
دەوترێ، هێزەکانی جێگر لە پاسگای سێڵوێ بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ئەو کاسبکارە کوردە داوتە بەر دەستڕیژی گوللە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، بە ناوی\"جەلال باڵان\" کوڕی محەممەد، پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.