تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە کرماشان کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی لێ کەوتەوە

10:53 - 29 رەشەمه 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەک بە ناوی "سیروان محەممەدی"، تەمەن ٢٥ ساڵ، بەهۆی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە کرماشان گیانی لەدەست دا و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "عەلی ئەحمەدی"، لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە بە تووندی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە تێکەلچوونێکدا لە گەڕەکی دەوڵەت‌ئاوای کەماشان، هێزە ئینتیزامییەکان ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی "دەڕەدرێژ"یان (شهرک مهدیە) کە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ دەوڵەت‌ئاوا بوونە، داونەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا سیروان محەممەدی، پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "عەلی ئەحمەدی، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لە بەخشی چاوەدێریی تایبەتی پزیشکی خەوێندراوە".

 عەلیڕەزا دەلیری، فەرماندەی ئینتیزامیی کرماشان بە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ئەو تێکەڵچوونە و کوژرانی هاووڵاتییەک، بە ماڵپەڕی هەواڵی پۆلیسی ڕاگەیاندووە: "پاش ڕوودانی یەک حاڵەت شەڕ و دەرگیرییەکی گەورە و بەکۆمەڵ لە شارەکی دەوڵەت‌ئاوا، مەئموورانی کەڵانتەری بە خێرایی چوونەتە ئەو شوێنە".

فەرماندەی ئینتیزامی ڕایگەیاندووە لە ڕەوتی ئەو تێکەڵچوونەدا حەوت کەس دەسبەسەر کراون.