تەقەی ‌هێزە ئینتزامییەکان، گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ئەستاند

20:41 - 31 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی قوتوور، هاووڵاتییەکی کورد گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٣٠ خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سنار محەممەدی، کوڕی سەڵام، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت، لە گوندی \"بلوجوک\" لە ناوچەی قوتوور گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی ئەوەیکە ئەو هاووڵاتییە کوردە شتومەکی قاچاخی پێ بووە، کردوویانەتە ئامانج و لە ئاکامدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"ڕازی\" سەر بە ناوچەی قوتوورە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان و جادە پێکەوە بەستراوەکانی کوردستان، بە گومانی هەڵگرتنی شمەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ کوشتنی هاووڵاتییان کورد بە ئاژمار دێ و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هێچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.