تەقەی هێزە ئینتزامییەکان هاووڵاتییەکی نۆدشەیی کردە قوربانی+وێنــە

20:44 - 25 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری نۆدشە بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز مەئموورانی هێزی ئینتزامی لەشاری نۆدشە تەقەیان لە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"بورهان ئیلخانی\" تەمەن ٤٥ ساڵ کردووە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نۆدشەوە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەمەبەستی چارەسەر کردنی برینەکانی رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری تەقە کردنی ‌هێزە ئینتزامییەکان لە بورهان ئیلخانی خەڵکی شاری نۆدشە لەبەر دەستدا نییە.

شاری نۆدشە بە مەودای ١٠ کیلۆمیتر دوور لە سنووری ئوستانی کوردنشینی کرماشان هەڵکەوتووە.

رۆژانە چەندین هاووڵاتیی کورد لە شوێنە گشتییەکان و جاددەی نێوان شار و گوندەکانی کوردستان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی جۆراوجۆر تەقەیان لێ دەکرێت.
\"17428.jpg\"

\"17429.jpg\"