تەقەی هێزە ئینتزامییەكان شوانكارەیەكی كوردی كردە قوربانی

13:24 - 1 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: شوانكارەیەكی کوردی خەڵکی سەردەشت كە سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵ بووە، لەلایەن هێـزە ئینتزامییەكانەوە تەقەی لێكراوە و بەتوندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ٣٠ی سەرماوەز شوانكارەیەک بەناوی عەلی سەعادەتی تەمەن ٣٤ ساڵ، كوڕی ئەحمەد و خەڵكی ئاوایی \"ئاڵوەتان\"‌ی سەردەشت كەوتۆتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران.

عەلی سەعادەتی لەشوێنێک بەناوی \"تاڵستان\" سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بووە کە لەئەنجامی ئەو تەقە كردنەدا بە توندی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە بە مەبەستی چارەسەریی رەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت كراوە وهەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی چوارتا لە هەرێمی كوردستان تەقەیان لە شوانكارەیەک بەناوی \"شەمیران جەلال\" كردبوو کەلە ئەنجامدا بەتوندی بریندار ببوو.