تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی کۆڵبەرێکی لاوی ئەستاند

10:47 - 25 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ڕەبەت سەر بە سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "هادی حەسەنی" کوڕی عوسمان، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی ڕەبەت، بوو بە قوربانیی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی نەبوونی کار ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "عەزیز مەعرووفی" کوڕی "حوسێن" و خەڵکی گوندی "بێمزوورتێ"، سەر بە شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حكوومەت لە سنووری ئەو شارەدا بوو بە قوربانی.