تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کوردی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

20:51 - 24 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری چۆمان سەر بە شاری بانە، بریندار بوونی کۆڵبەرێکی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٥ ساڵە لە سنووری چۆمان پێکرا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە \"خالید سماقووڵی\" تەمەن ساڵ ٣٥ خەڵکی گوندی \"سماقوڵ\" سەر به شاری بانە ڕاگەیاندراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، که لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە سنووری چۆمان کردبوو، لەگەڵ دەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان حکوومەتی بەرەوڕوو بوونەوە.

دەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە، چەند گوللەیەکی بە لاقی کەوتووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە.

\"دلێر ئەسکەندەری\" چالاکی مەدەنی لەو باوەڕە دایە کە: \"پیشەی کۆڵبەری لە کوردستان، بەرهەمی \"سوءمودیریت\" و نەبوونی بناغەی پێویست بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی ئاڵوگۆڕی تیجاری و بازرگانی لە نەبوونی پیشەی ئابڕومەندانە، هاتووەتە ئاراوە\".

ناوبراو هەووەها دەڵێت: \"ئایا هەڵگرتنی باری قورس بە کۆڵی مرۆڤەکان به کۆڵی پیر، لاو یان ژن و پیاو لە سەدەی ٢١دا بۆ دابینکردنی لانیکەم گوزەرانی ڕۆژانەیان، لەژێرپێنانی کەرامەتی مرۆڤایەتیی نییە؟\".

سەڕەرای بەڵێنیی دەوڵەتی ڕۆحانی بۆ ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران لە سنوورەکان، هەتا ئێستا لەو ڕاستایەدا هەنگاوێکی بە کردەیی ئەنجام نەداوە.