تەقەی هێزە نیزامییەکان، کوژران و برینداربوونی چەند کۆڵبەری لێکەوتەوە

16:47 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری \"چاڵدێرانـ\"دا، دەسڕێژییان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٨ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شاری چاڵدێراندا کرد و لە ئاکامدا چەند کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کۆڵبەرێک بە ناوی \"عەلی\"، خەڵکی گوندی \"عیسا گولیک\"، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا و چوار کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"محەممەد میرزایی\"، کوڕی ئاقالار، \"ئازاد یاستار\"، کوڕی یووسف، \"مەحموود عەلەم‌ هولی\"، کوڕی حوسێن و \"ئومید عەلەم‌ هولی\"، کوڕی خالیس، بەسەختی بریندار بوون.

کۆڵبەرانی بریندار لەو ڕووداوەدا، بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری چاڵدێران گوێزراونەتەوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، بە گومانی شتومەکی قاچاخ، تەقەی لەو کۆڵبەرانە کردووە.