تەقەی هێزە نیزامییەکان، کاسبکارێکی کوردی کردە قوربانی

20:39 - 31 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، لە بەرزاییەکانی کێلەشیندا بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ناسر نووری\"، خەڵکی شاری شنۆ، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، لە بەرزاییەکانی کێلەشیندا پێکرا.

ئەو کاسبکارە کوردە، لە لای لاقیەوە پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی برادۆستی شاری ورمێ، کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سادق ئەورازی\" کوڕی \"هاروون\"، بەسەختی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە جادەی نێوان سنووری گوندی \"سیارەک\" تەقەی لێکراوە و لەو ڕووداوەدا، لاقی پێکراوە.