تەقەی هێزە نیزامییەکان هاووڵاتییەکی کوردی بریندار کرد

16:00 - 7 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شارستانی سەلاسی باوەجانی بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بەتوندی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی سەلاح وەیسی کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کە لەحاڵی تێپەڕین بە جادەی \" کوزەران\"دا بووە لەئەنجامی ئەو تەقە کردنەدا بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کالای قاچاخ ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.

\"26746.jpg\"
سەلاح وەیسی به تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا
دەوترێت کە فیشەک بەر سەری سەلاح وەیسی کەوتووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان لەژێر چاودێری دایە.

پزیشکەکان دۆخی تەندروستی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە خراب وەسفکردووە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردبوویە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی شاری پاوە و ویستبوویان کاڵاکانیان زەوت بکەن.

دەوترێت خەڵکی نەوسوود بە هانای کۆڵبەرانەوە چووبوون و پێشیان بە زەوتکردنی کالاکانی کۆڵبەران کردبوو.

لەو تێکهەڵچوونەدا ژمارەیەک کەسی هەلپەرەست کەڵکی خراپیان لە دۆخەکە وەرگرتبوو و بەشێک لە کاڵاکانی کۆڵبەرانیان دزیبوو.

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر هاووڵاتیانی کورد لە جادەکانی کورستانی ئێران بە گومانی هەڵگرتن و گواستنەوەی کاڵای قاچاخ یەکێکە لەهۆکارەکانی مەرگی هاووڵاتیانی کورد.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ هاووڵاتیی کورد لەجادەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا و بریندار بوون.