تەقەی هێزە نیزامییەکان، ٤ هاووڵاتیی کوردی کردە قوربانی

20:25 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە کۆڵبەران کورد، کۆڵبەرێکی کورد گیانی لەدەست داو ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ١٠ کیلۆمیتریی شاری کرماشان بەرەو شاری سنە و سێ رێیانی قازانچی، ماشێنی کاسبکارێکی کوردیان بەناوی سەجاد گوودەرزی دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا ئەو کاسبکارە بەناوی گیانی لەدەست دا.

سەجاد گوودەرزی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی (زێویە)ی کامیاران بووە، کە ماوەیەک پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

لە رووداوەدا کەسێکی دیکە بەناوی \"نەزیر\" و خەڵکی گوندی \"تیلەکۆ\"ی سەربە کامیاران، کە یەکێکی دیکە لە سەرنشینانی ئەو ماشێنە بووە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کراوە.

لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامییدا، دوو لاوی خەڵکی بەخشی خاومیراوای مەریوان کە لەسەر سنوور سەرقاڵی کۆڵبەری بوون، بە توندی بریندار کران.

ئەو رووداوە کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار هاتە ئاراوە، دو کۆڵبەر بەناوی \"بەختیار\" خەڵکی گوندی \"شارانی\" و\"مەحموود\" و خەڵکی گوندی \"قوتوەند\" بریندار بوون، کە مەحموود بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە نزیک گوندەکانی \"ساوجی\" و \"مێرگەدرێژ\" تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان رایگەیاند؛ هێزە نیزامییەکان هاوکات لەگەڵ بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرانە، ١٠ کۆڵبەری دیکەشیان دەستبەسەر کردووە، کە هەتا ئێستا چارەنووس و شوینی راگیرانیان روون نییە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی ١١ی سەرماوەز هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە گوندە سنوورییەکان ٥ سەر ئەسپی بارهەڵگریان کوشتووە، کە هەتا ئێستا هیچکام لە ناوەندە نیزامی و دەوڵەتییەکان کوشتنی ئەو ٥ ئەسپەیان بە ئەستۆ نەگرتووە.