تەقەی هێزە نیزامییەکان لەسەردەشت کۆڵبەرێکی تووشی حاڵەتی کۆما کرد

19:04 - 26 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بەتوندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی نادر و کوڕی رەحمانی مام حوسێن\"، خەڵکی گوندی \"تێبیەت\"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت لەشوێنێک بەناوی \"بواری تێبەتێ\" بە گولـلەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، نادری مام رەحمان لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا لە نەخۆشخانەی سەردەشت لە حاڵەتی کۆما دایە و باری تەندروستیی ناوبراو مەترسیدار راگەیەندراوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، لەئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا چەندین سەر ئەسپی بارهەڵگریش بە کوشت چوون و زیانی ماددیی بەرچاویش بەر کۆڵبەران کەوتووە.

پێشتریش لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ئەمساڵدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی بێژوێی ناوچەی ئالانی سەردەشت بەناوی رامیار ئیبراهیمی تەمەن ٢٣ ساڵ، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە درابوویە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامی بەرکەوتنی گولـلەیەک، کە بەر سەری کەوتبوو، تووشی حاڵەتی کۆما هاتبوو.