تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کوردستان گیانی کۆڵبەرێک و کاسبکارێکی ئەستاند

10:07 - 5 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە شنۆ و پیرانشار، کاسبکارێک و کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس و مەهاباد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی سەرماوەز، لە سنووری شنۆ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکارێکی کوردی مەهابادی کرد و لە ئاکامدا کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارە کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی "سمکۆ (ئیسماعیل) قادرنیا" کوڕی "عەلی" و خەڵکی گەڕەکی "پشت تەپـ"ـی مەهاباد ڕاگەیەندراوە.

ئەو کاسبکارە کوردە لە سنووری شاری شنۆ تەقەی لێکراوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەڵماس، لە سنووری  پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی "ناسر مورادپوور" کوڕی "عەبدوڵڵا" و خەڵکی گوندی "کۆزە‌ڕەشـ"ـی سەڵماس ڕاگەیەندراوە.

ئەو کۆڵبەرە لە سنووری شاری پیرانشار تەقەی لێکراوە.