تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شنۆ کوژرانی کاسبکارێکی بە دواوە بوو

20:38 - 27 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی ئێران لە شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی خەرمانان، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە دەورووبەری گوندی\"هێیە\" سەر بە شاری شنۆ گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی کورد بە دواوە بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی بە \"سلێمان قادری\" خەڵکی \"نەڵاس\" سەر بە شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕووداوە لە نزیک \"قەڵاتگە\" ڕووی داوە و تەرمی ئەو کاسبکارە گیان لە دەستداوە بۆ پاسگای گوندی هێیە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، لەو ڕووداوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە کوشت چوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ماوەیەک پێش نزیکەی ١٠٠ پارێزەری کورد بە بڵاوکردنەوەی بیاننەمەیەک ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەران، وێڕای مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران، پێداگیریان لە سەر سزادانی بکوژران ئەنجامدەرانی کوشتنی کۆڵبەرانیان کرد.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا ڕایانگەیاندبووە، ئێمە وەکوو پارێزەرانی دادگوستەری سوێند دەخۆین، پارێزگاری لە یاسا و دادپەروەری بکەین، وێڕای پێداگری لە سەر بێ‌تاوانی کۆڵبەران، هەر جۆرە توندوتیژیەک لە گەڵ ئەو کەسانە لە هەر قەوارەیەک، بە پێشێلکردنی یاسا دەزانین و ڕا دەگەیەنین کە پێشێلکردنی یاسا لە لایەن کەس یان ئۆرگانێک بە هەر پاڵنەرێک بێت، مەحکوومە.