تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە کوژراوێک و دوو برینداری لێکەوتەوە

20:57 - 8 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ کاسبکاری کورد لە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٧ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد دەکەونە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامدا کاسبكارێکی کورد گیانی لە دەست دا و دوو کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

\"\"
ئیبراهیم ڕەحمانی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو کاسبکارە کوردە گیان لە دەست داوەی \"ئیبراهیم ڕەحمانی\" کۆڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی \"تاژان\" سەر بە شاری بانە ڕاگەیەندراوە.

هەواڵنێری کوردپا برینداربووەکانی ئەو ڕووداوەی بە کوڕانی محەممەد و ئەمجەد ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارەی وەردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: لەو ڕووداوە، ١٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان بە کوشت چوونە و هەروەها هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەر کەلوپەلی ئەو کاسبکارنەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەپێی ئاماری کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.

لە ڕەوتی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ٣ کۆڵبەر تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و کوژرا و بریندار بوون.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشێل کردنی خودی یاساکەیە.