تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بانە کۆڵبەرێکی کردە قوربانی

16:04 - 27 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خاڵە سنوورییەکانی ناوچە کوردستان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کـرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەبدولمەجید ئەحمەدی خەڵکی ئاوایی \"ئەنجێنەی مەلا ساڵە\"ی سەربە شاری بانە کە لەخاڵی سنووریی شاری بانە بۆ هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان پێکراوە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە.

ئەو رووداوە شەوی ٢٥ی سەرماوەز هاتۆتە ئاراوە و عەبدولمەجید ئەحمەدی بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کراوە.

هاووڵاتییانی کورد لەو باوەڕەدان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا بە کوشتنی کۆڵبەران لە هەوڵی بنبڕ کردن و نەهێشتنی کۆڵبەری کردنی سەر سنوورەکان دایە، لە کاتێکدا تەنیا لە بازاڕچەی سنووریی \"قاسمە رەش\"ی سەردەشت، زیاتر لە ٤٥ هەزار هاووڵاتیی کورد لە رێگەی کۆڵبەری کردنەوە بژیویی بنەماڵەکەیان دابین دەکەن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کەلە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکانی ءیران کوژراو و بریندار بوون.