تەقەی هێزە نیزامییەکان دوو کۆڵبەری ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کرد

11:46 - 15 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی خۆی بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنوورییەوە لە بەخشی قوتوور، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "عەلی یووسفی" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی محەممەد و "بێهنام عەلیزادە" تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی حسەین و خەڵکی گوندی "بەلجوک" سەر بە بەخشی قوتوور شاری خۆی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە لە بەرزاییەکانی گوندی "بەلجوک" سەر بە بەخشی قوتوور، لەلایەن هەنگی سنوورییەوە تەقەیان لێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە نیزامییەکان لە سنووری قوتووری خۆی لەگەڵ سنووری تورکیە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە مەودایەکی نزیک تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

تەقەی هەنگی سنووری، ئەو دوو کۆڵبەرەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خۆی کردووە.