تەقەی هێزە نیزامییەکان، برینداربوونی کچێکی لاوی لێکەوتەوە

20:02 - 8 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کچێکی لاو خەڵکی شاری سەقز، لە جادەی نێوان سەقز_ساحیب، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٧ی بانەمەڕ، کچێکی لاو خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"حەیات مووسازادە\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی پێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو کچە لەگەڵ کورێکی لاو لە ناو ماشینی شەخسی خۆیان لە جادە نێوان سەقز_ ساحێب، بوون هێزە نیزامییەکان حکوومەتی بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو ماشینەی دواەتە بەردەسڕیژی گوللە و لە ئاکامدا، ئەو کچە بە سەختی بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان، لە پشتەوە تەقەیان لەو کچ و کوڕە کردووە و لەو ڕووداوەدا، حەیات مووسازادە، گوللە بەرپشتی کەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەنووکە ئەو کچە لە نەخۆشخانەی شاری سەقز خەوێندراوە و پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە بە بنەماڵەکەی مووسازادەیان ڕاگەیاندووە، دەبێت بۆ چارەسەری زیاتر ڕەوانە نەخۆشخانەی تەورێز بکرێت.