تەقەی هێزە نیزامییەکان برینداربوونی دوو کۆڵبەری لێکەوتەوە

22:04 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری چاڵدێران سەر بە پارێزگای ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار و بۆ ناوەندی دەرمانی ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان لە سنووری شاری چاڵدێران دایە بەر دەسڕیژی گوللە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بێهزاد خەلیلی حەیدەرانلوو\" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی \'عیسا کۆلیک\" کوڕی حەیدەر و \"جەعفەر دەلایی میلان\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی نەبی بە سەختی بریندار بوون.

\"\"بێهزاد خەلیلی
بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار، جەعفەر دەلایی میلان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری تەورێز ڕاگوێزرا و بێهزاد خەلیلی حەیدەرانلووش بۆ چارەسەری پزیشکی ڕاگوێزرایەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ماکۆ.

هەروەها کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، برایەکی دیکەی بێهزاد خەلیلی بە ناوی \"محەممەد خەلیلی\" لە سنووری شاری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار بوو.