تەقەی هێزە حکوومەتییەکان کوژرانی هاووڵاتییەکی کوردی لێ کەوتەوە

14:23 - 23 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە حکوومەتییەکانی ئێران، لە ڕێگای نێوان گوندی \"گۆجگەلی\" و \"موشیرئاوا\"ی شاری بۆکان، تەقەیان لە پرایدێک کردووە، کە بە هۆیەوە هاووڵاتییەکی کورد کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزە حکوومەتییەکان، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆجگەلی\" و \"موشیرئاوا\"ی شاری بۆکان، تەقەیان لە ماشینێکی پراید کردووە و یەکێک لە مسافیرانی ئەو ماشینە بە ناوی \"هەژار ڕەزایی\" کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی \"قەڵای هەلاکۆ\" گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە چارەنووسی ئەو مسافیرانەی دیکە کە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێ کراوە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و تەرمی \"هەژار ڕەزاییـ\"ـش بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواو ڕاگوێزراوە.

هەتا ئێستا ڕاپۆرتێکی باوەڕپێکراو لە هۆکاری تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە مسافیرانی ئەو ماشینە بڵاو نەکراوەتەوە و هەروەها ناوەندە ئیتلاعاتیی ئەمنییەتییەکان لەم بارەیەوە هیچ لێداوان یان ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

\"\"
هەژار ڕەزایی