تەقەی سنوورپارێزەکانی حکوومەتی گیان لە دەست‌دانی کاسبکارێکی لێ کەوتەوە

14:48 - 18 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار، کاسبکاڕیک بوو بە قوربانی و گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ١٧ی خەرمانان، هێزە سنوورپارێزگانی حکوومەتی جێگیر لە پاسگای\"سێڵوێ\" شاری پیرانشار، ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا بوو بە هۆی گیان لە دەست‌دانی ئەو کاسبکارە کوردە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو کاسبکارە کوردی \"سالار\"، خێزاندارە و خەڵکی شاری مەهاباد ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها، ڕاگەیاند: ئەو کاسبکارە کوردە لە ناو ماشێنەکەی خۆیدا تەقەی لێکراوە و باری\"دانەوێڵە\"ی پێ بووە.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی پاسگای سێڵوێ بە بێ‌ئاگادار کردنەوەی پێشوو ماشێنی ئەو کاسبکارە کوردەیان لە سێ‌ڕییانی \"پیرکانیان\" ـی شاری پیرانشار داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە.

هەر لەوپەیوەندیەیدا، هەواڵدەرییە خۆجێی و نافەرمییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، باسیان لە برینداربوونی کاسبکارێکی کورد خەڵکی گوندی تازئاوی ناوچەی تیلەکۆی شاری سەقز کرد.

شوناسی ئەو کاسبکارە کوردە \"شۆڕش تاجرزادە\" ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

بەپێی ئەو سەڕچاوانە، ئەو کاسبکارە کوردە بە هۆی کاریی بوونی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە لەژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

پێشتر محەممەد ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری کورد لە پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا، سەبارەت بە تەقە کردن لە هاووڵاتییانی مەدەنی کوردستان، گوتی: مەخابن هەنووکە مەئموورانی نیزامی و ئینتزامیی لە دادگاکان بە بیانوو و پاساوی ئەوەیکە؛ سەرەتا ئیشارە دەدەین، دواتر کەسی تاوانبار ئاگادار دەکەینەوە و تەنانەت تەقەی هەوایی دەکەین، خۆیان لەو ڕووداوە دەرباز دەکەن\".