تەقەی راستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکان کۆڵبەرێکی سەردەشتیی کردە قوربانی

19:49 - 10 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ئالانی سەردەشت، لە بۆسەی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە توندی بریندار کرا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رامیار ئیبراهیمی کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"بێژوێ\"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بە توندی بریندار و رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە؛ رامیار ئیبراهیمی تەمەن ٢٣ ساڵ کە بۆ دابین کردنی بژیوییی ژیانی رووی لە کۆڵبەری کردبوو، لە نزیک گوندی بێژوێ کەوتۆتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و بە تەقەی ئەو هیزانە پێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: رامیار ئیبراهیمی گولـلەیەک لە سەری دراوە و بەوهۆیەوە لە لە نەخۆشخانەی ورمێ لە کۆما دایە و پزیشکان نەخۆشخانەی ورمێ باری تەندروستیی ناوبراویان مەترسیدار وەسف کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەماوەی وەرزی پاییزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ‌هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ١٨ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ئەو هێزانە ولەو ماوەیەدا بریندار کراون.

وێنــــه: ئارشیڤ