تەقەی راستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوونی کۆڵبەرێکی لێ کەوتەوە

15:12 - 2 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە سەختی بریندار و بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری سەردەشت گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەر، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری سەردەشتی لێ کەوتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\"خدر مام قادر\" خەڵکی گوندی\"خڕی ئاغلان\" لە ناوچەی \"بێتووش\" ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی گوللە و بریندار بوونی بەسەختی، بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری سەردەشت ڕاگوێزرا.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئینتزامییەکان لە گەردەنەی \"تەتە\" دەستیان گرت بە سەر کەلوپەلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"حەیدەر\" و لەگەڵ خۆیان بردیان.
هەروەها، ٥ سەر ئەسپی ئەو کاسبکارە کوردە، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی هەورامان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە \"فەرزاد قادری\" خەڵکی گوندی \"نێسانە\" سەر بە شاری نەوسوود ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللەیەک لە لاقی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە.