تەقەی دستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە دوو هاووڵاتیی کاسبکاری سەقزی

15:58 - 24 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چەند کەسێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لە شاری سەقز، تەقەیان لە دوو هاووڵاتیی کاسبکاری کورد کرد و بوونە هۆی برینداربوونیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی ٢٢ لەسەر ٢٣ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە ناوەکانی \"محەممەد یادگارنوین و فەرشید نیکبین\"، بە تەقەی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی لەو شارە پێکران و هەروەها چەند گولـلەیەک بەر ماشینی فواد مەولوودیش کەوتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لە ئەنجامی تەقەی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی، هێزە ئیتلاعاتییەکان و مەئموورانی ئاگاهی بۆ چەواشەکاری لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوون و بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە، کە ئەوە شتێکی ئاسایییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: محەممەد یادگارنوین، دوو گوللـە و فەرشید نیکبینیش گوللـەیەکی بەرکەوتووە و هەنووکە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە خەوێندراون.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: تەقەکران لەو دوو هاووڵاتییە کوردە، کوڕەکانی عەبووی سەفووەت و عەبووە دز بوون، کە خەریکی ڕاپۆرتدانی کاسبکارانی کوردی خەڵکی ئەو شارەن، کە بە دەمانچە تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە.