تەقە کردن لە کۆلبەران و مینرێژ کردنی سەر رێگەی هاتووچۆیان

19:51 - 16 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی نەوسوود سەرەڕای تەقە کردن لە کۆڵبەران، رێگەی هاتووچۆی کردنیشیان مینڕیژ دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەر لە ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندان هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای دووئاو تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەری کورد کردووە و لە ئەنجامدا دوو هێستری بارهەڵگر بە تەقەی ئەو هێزانە بە کوشت چوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای دووئاو لە شوێنیک بەناوی \"قەڵاگا\"ی نزیک گوندی \"شێخان\"ی سەربە بەخشی نەوسوود تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و دوو هێستری کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی \"نجار\"ی سەر بە شاری پاوە کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە و بە وتەی یەکێک لە کۆڵبەرانی ناوچەی نەوسوود، رۆژی سێ‌شەممە بەهۆی ئەوەی کە هێزە نیزامییەکان سەر رێگەی هاتووچۆی کۆڵبەرانیان مینڕێژ کردووەو بەو هۆیەوە تێکهەڵچوون لەنێوان کۆلبەران و هێزە نیزامییەکاندا هاتۆتە ئاراوە.

دەگوترێت، هێزە نیزامییەکان باریکە رێگەیەکی سنووریی نزیک گوندەکانی \"نەروی\" و \"نەیسانە\"ی سەربە شاری نەوسوودیان مینرێژ کردووە.

تەقە کردن لە کۆڵبەران و هاوکات مینڕێژ کردنی رێگەی ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە کاتێک دایە، کە زۆربەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان، روو لە کۆڵبەری کردن دەکەن.

هەروەها هێزە نیزامییەکان لە کاتێکدا تەقە لە هێستر و ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەران دەکەن و دەیانکوژن، کە هەر ئەسپ یان هێسترێک زیاتر لە ٣ ملیۆن تمەن پارەی پێدراوەو بە وتەی زۆربەی کۆڵبەران، ئەو هێسترانە دار و نەداری کۆڵبەرانە.

بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەژاری و دەستکورتی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە ئاستک، کە کۆلبەران لە وەرزی زستان و تەنانەت رۆژانی بەفر و بارانیشدا روو لە کۆڵبەری بکەن، بەڵام بەو حاڵەش لە خاڵە سنوورییەکان بەرەوڕووی تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبنەوە.

سەرەڕای بەردەوامبوونی رەوتی کوژرانی کۆڵبەران بەدەستی هێزە نیزامییەکان و مەحکووم کرانی ئەو کردەوەیەی هیزە نیزامییەکان لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، لایەنە پەیونەدیدارەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووەو زۆر جاریش بەرپرسانی نیزامیی حکوومەتی ئێران بڕیاری تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران دەر ئەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆتایی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ \"ئەحمەد گراوەند\" بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندبوو، \"ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت.\"