تەقە کردن لە پیرانشار، کوژرانی هاووڵاتییەک و دوو مەئمووری ئیتلاعاتی لێکەوتەوە

15:12 - 25 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقەکردنێک لە ناوشاری پیرانشار، هاووڵاتییەکی پیرانشاری و دوو مەئمووری وەزارەتی ئیتلاعات کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵان، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز کەسێک بەناوی محەمەد ئیسماعیل نەژاد و خەلکی گوندی شیناوێی پیرانشار بەدەستی هێزەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات کوژراوە.

بە گوتەی شایەتحاڵان، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گۆڕەپانی محەمەدی هەوراز هێرشیان کردۆتە سەر محەمەد ئیسماعیل نەژاد و تەقەیان لە ناوبراو کردووە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا دوو مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعات کوژراون، کە روون نییە بە چ شێوەیەک کوژرابێتن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ محەمەد ئیسماعیل‌نەژدا، کە بە محەمەدی دەروێش برایم ناسراوە، لە فەلەکەی \"شیناوێ\" بەدەستی هێزە ئیتلاعاتییەکان کوژراوە.

دوابەدوای تەقە کردنەکە، هێزە ئینتزامی و ئیتلاعاتییەکان، لە شەقامەکانی \"ئیتستقلال(فەلەکەی سەردەشت) هەتا چوارڕێیانی ٢٢ی بەهمەن\"، هاتوچۆیان قەدەغە کردووەو ناوشاری پیرانشار بە هێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراوە.

دەگوترێ، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پیرانشار هۆکاری هێرش کردن بۆسەر محەمەد ئیسماعیل نەژادیان، بۆ بازرگانی کردنی ناوبراو بە ماددە هۆشبەرەکان گەڕاندۆتەوە.

هەنووکە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات برازایەکی محەمەد ئیسماعیل نەژادیان بەناوی \"عەلی ئیسماعیل نەژاد\" دەستبەسەر کردووە.