تەقە لە کۆڵبەران پاش ڕاگەیاندنی ڕێکخستنیان درێژەی هەیە

14:13 - 2 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ١ی بەفرانبار، تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە گوندی \"زەڵی\" سەر بە شاری بانە، بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی\"عادڵ محەممەدپوور\" خەڵکی گوندی \"سیاومە\"ی لێ کەوتەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری بانە کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد، خەڵکی گوندەکانی \"برۆێشکانێ\" و\" کێلێ\"ی شاری بانە بە ناوەکانی \"مێهدی ئەحمەدپوور\" و \"کارساز عەزیزی\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکران و ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری بانە کرا.

تەقە لە کۆڵبەرانی کورد لە حاڵێک دایە، کە چەند ڕۆژ پێش عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ئێران باسی لە قەدەغە کردنی پیشەی کۆڵبەریی لە ئێران کردبوو. ناوبراو ڕایگەیاندبوو: بەپێی یاسای پەسەندکراوی دەوڵەتیی، کۆڵبەری لە ئێران قەدەغەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە کاری کۆڵبەری ئەنجام بدات، بەڵام ئەو بەرپرسە حکوومەتییە پاش ئەم لێدوانە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکانی حکوومەتیی ڕایگەیاند: \"ئێمە نەمانگوت کۆڵبەری قەدەغەیە، بەڵکوو گوتمان: کاری کۆڵبەریی ڕێکخستنی \"سازماندهی\"، بۆ دەکەین\".