تەقە لە مامۆستایەکی سەردەشتی کرا

15:01 - 12 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: کەسانێکی نەناسراو لە گەڕەکێکی سەردەشت تەقەیان لە فەرهەنگییەکی خانەنشین کراوی ئەو شارە کردووە و گیانیان لێ‏ئەستاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەقەی کەسانی نەناسراو لە گەڕەکی شێخ مەولانای شاری سەردەشت ڕوویداوە و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی مامۆستایەکی قوتابخانە بە ناوی ڕەحمەت موحەممەدی.

ئەو هاووڵاتییە لە دەرئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، بەتوندی بریندار کراوە و هاوکات دەگەڵ گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
ڕووداوی تەقەکردن لەو مامۆستا ٥٥ ساڵە، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ڕووی داوە.

\"29110.jpg\"
ڕەحمەت موحەممەدی
هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند کە ڕەحمەت موحەممەدی، فەرهەنگییەکی خانەنشتن کراوی وەزارەتی پەروەردەیە و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بە دەمانچە فیشەکیان بە پشتەسەریەوە ناوە.

لەدرێژەی هەواڵەکەدا هاتووە کە سەرەڕای بوونی پزیشکی یاسایی لە سەدەشت، بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی ئەو بەرپرسە، تەرمی مامۆستا ڕەحمەت بۆ پیرانشار گواستراوەتەوە.

دەوترێت کە ڕەحمەت موحەممەدی کەسێکی خۆشناو و جێی ڕێزی خەڵکی بووە. شایانی گوتنە تاکوو ئێستا بکوژ یان بکوژانی ئەو مامۆستایە نەناسراون.