تەقێنەوەی مین لە کوردستان قوربانی لێکەوتەوە

15:42 - 13 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: مینەبەجێ ماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە کوردستان دوو کوژراو برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو، بە هۆی تەقینەوەیی مین، لە نزیکی گوندی \"لەنگرێز\" لە ناوچەی سەوڵاوا منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە بە ناوی \"بێهزاد ئیبراهیمی\" گیانی لە دەست دا و منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵە بە ناوی \"فەرشاد یەعقووبی\" بە توندی بریندار بووە.

دەوترێ، ئەو دوومنداڵە خەڵکی گوندی \"بێساران\" سەر بە شاری مەریوانن و بارودۆخی جەستەیی فەرشاد یەعقووبی نالەبارە و لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەو دوو منداڵە لە دەوروبەری پایگایەکی رووخاو خەرێکی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بوون، لەکاتی یاری کردن بە مێنێکی نەتەقێنراو تووشی ئەو رووداوە بوون.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ئوستانەکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون.

ئێران بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی رۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەسە جەنگییەکانەوە، دەبنە قوربانی.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.