تەقینەوەیەکی بەهێز شاری میاندواوی هەژاند

20:29 - 23 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: شەوی رابردوو لە شەقامی ١٧ی \"شەهریوەر\"ی شاری میاندواو تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە ماڵێکی چۆڵدا لە شەقامی ١٧ی شەهریوەری شاری میاندواو ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.

بەوتەی شایەتحاڵان ٧ دووکانی دەوروبەری ئەو ماڵە تێکرووخاون و زیانی بە شیشەی درگا و پەنجەرەی زۆربەی بیناکانی سەر ئەو شەقامەش گەیاندووە.

دەگوترێت هەنووکە هێزێکی زۆری نیزامی و گاردی تایبەت لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری میاندواو جێگیر کراون و سەرجەم جموجۆڵی هاوڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

هەتاکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری ئەو تەقینەوەیەی شەوی رابردووی شاری میاندواو نەزانراوە.