تەقینەوەیی گاز لە گوندێکی شاری خۆی ٢٤ قوربانی لێ کەوتەوە

20:56 - 10 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازەوە لە گوندی شۆرێک هەڵکەوتوو لە ٣٢ کیلومێتری ڕۆژئاوایی شاری خۆی ٢٤ هاووڵاتیی قوربانی لێ کەوتەوە کە ٩ کەسیان برینی قورسیان هەڵگرتووە.

بەپێی هەواڵی گویشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ، لە ئەنجامی تەقینەوەیی کەپسوولێکی گاز، لە ماڵی هاووڵاتییەک لە گوندی شۆرێکی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ چوار هاووڵاتیی بریندار بوون و خەڵکی ئەو گوندە لە کاتی ئاگرتێبەر بوونی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بە هانایان دەچن، کە تەقینەوەیی دووهەم ڕوودەدات ٢٠ کەسی دیکە بریندار دەبن.

بەرێوەبەری تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری خۆی بە هەواڵدەریی ئیرنای ڕاگەیاند: ٩ کەس لەو هاووڵاتییانە کە بە سەختی بریندار بوون بۆ چارەسەری پزشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی خومینی شاری ورمێ دەکرێن و هەروەها یەکێک لە بریندار بووەکانی ئەو ڕووداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سینای شاری تەورێز کراوە و بە هۆی دەرەجی سووتاویەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

لە ناو بریندار بووەکانی ڕووداوی گوندی شۆرێک دوو منداڵی کەم تەمەنیش بەر چاو دەکەوێت.

ساڵانەدەیان هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرەسە گازییەکان و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی پێویست لەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەسە گازییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان سەبارەت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان، دەبنە قوربانی.