تەقینەوەی یەکێک لە تەقەمەنییە نەتەقێندراوەکان لە شاری ئیلام، برینداربوونی هاووڵاتییەکی ئەفغانی بە دواوە بوو

15:07 - 26 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ئەفغانی بە هۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە نەتەقێندراوەکان لە ناوچەی \"فەکە\" سەر بە شاری ئیلام بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، یەکێک لە کرێکارانی\"فریاد جنوب\" (بەڕێوەبەری گەڵاڵەی گواستنەوەی ئاو) لە ناوچەی \"فەکە\"، سەر بە شاری ئیلام، بە هۆی تەقینەوەی تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق بە توندی بریندار ببوو.

ناسنامەی ئەو کرێکارەی شیرکەتی \"فریاد جنوب\"، بە ناوی \"عەزیزوڵڵا فیرووزی\" کوڕی جەلال خەڵکی ئەفغانستان ڕاگەیەندراوە.

ئەو کرێکارە ئەفغانییە، کە لەو ڕووداوەدا، دەست و سکی بە توندی بریندار بووە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"گەنجۆیانـ\"ـی دێزفوول کراوە.

ئالودەبوونی ناوچە سنورییەکانی کوردستان بە مین و تەقەمەنییەکان لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسانی حکوومەتی چەندین جار باسیان لە خاوەێنکردنەوەی ئەو ناوچانە لە مین کردووە و جووتیاران، ئاژەڵداران، منداڵان و موسافران و گەشتیارانیان لەو بوارەدا دڵنیا کردووەتەوە.

وڵاتی ئێران بە ١٦ میلیۆن مینی چێندراو، دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین لە ئاستی جیهان بە ئەژمار دێت.