٦ تەقینەوەی گوماناوی لە سەقز رووی دا

15:27 - 2 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە فەلەکەی کەریم ئاوای شاری سەقز ٦ تەقینەوەی یەک لەدوای یەک رووی دا، کە هیچ زیانی گیانی و مادیی لێنەکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە شاری سەقز ٦ تەقینەوە رووی دا، کە هاووڵاتییانی ئەو شارە دەست وپێوەندییەکانی حکوومەت بە ئەنجامدەرانی ئە وتەقینەوەیە، لە قەڵەم ئەدەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند؛ ئەو ٦ تەقینەوەیە کەلە فەلەکەی کەریم ئاوا روویان داوە، هەر ٦ تەقینەوەکە بۆمبی \"صوتی (دەنگدار)\" بوون.

سەرچاویەک بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە؛ کاتژمێر ١١و ٥٠ خولەکی شەوی چوارشەممە دوو ماشێنی جۆری پژۆ ٤٠٥ و سەمەند هاتنە فەلەکەی کەریم ئاوا (میدان معلم)ی شاری سەقز و ئەو ٦ بۆمبە دەست سازەیان تەقاندەوەو دەستەبجێ ئەو شوینەیان بەجێهێشت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ماوەی زیاتر لە یەک حەفتەیە هێزێکی زۆری نیزامی نێو شاری سەقزیان تەنیوەو بوونەتە هۆکاری ئازاردانی هاووڵاتییان و بە وردیش هاووڵاتییان دەپشکنن.

هاووڵاتییانی شاری سەقز لەو باوەڕەدان ئەو ٦ تەقینەوەیە بە پیلانی حکوومەت بۆ پاساوی هێنانی هێزی نیزامی بۆ کوردستان ئەنجام دراوە.

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ١٥ گوردانی تۆپخانەیی ئەرتەشی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کەلە تارانەوە هێندراون، لە دوروبەری شاری سنە جێگیر کراون.

بە گوتەی فەرماندەی گشتیی ئەو هێزە تۆپخانەییە، لە دوای شەڕی ئێران و ئێراقەوە ئەمە یەکەمجارە هێزێکی تۆپخانەیی لەو چەشنە دەگەرێتەوە ناوچەکانی کوردستان.

موحسین ئازەر ئەفرووز، ئەو گوردانە بەهۆی پێویستیی سەرلەنوێ گەڕێندراونەتەوە شاری سنە و ئەم کارەش بە مەبەستی پێشگیری کردن لە جموجۆڵی \"ضد انقلاب و دوژمنان\" ئەنجام دراوە.

ضد انقلاب (دژە شۆڕش) لە ئەدەبیاتی سیاسیی لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی (برانداز)ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەگوترێت.

ئارام. ح