تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەک گیانی هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٣٧ ساڵەی ئەستاند

10:53 - 27 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیوان ئەعزەمی"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کلێنە"ی شاری سەرپێڵ ‌زەهاو، لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەکی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی عێراق و ئێران، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ڕووداوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە ڕوویداوە و ئەو هاووڵاتییە بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

دوای زیاتر لە ٣ دەیە لە کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، ناوچە تەندراوەکان بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە کوردستان، بە بەردەوامی گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت و هەتا ئێستا حکوومەتی ئێران، پارەیەکی بۆ خاوێنکردنەوەی ناوچە ئالوودەبووەکان بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە کوردستان تەرخان نەکردووە.