تەقینەوەی گاز گیانی هاووڵاتییەکی ماکۆیی ستاند

14:02 - 7 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی \"شووت\"ی سەربە شاری ماکۆ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بەهۆی تەقینەوەی گاز گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی شارۆچکەی \"شووت\"ی سەربە شاری ماکۆ بەناوی \"حوسێن حەسەن نەژاد\" بەهۆی تەقینەوەی گاز تووشی سووتان بووە و پاش یەک رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ، بەهۆی سووتانی لەرادە بەدەر گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کە ئەو رووداوە بەهۆی ناستانداردی کەلوپەلی گازی لەنێو ماڵی ئەو هاووڵاتییەدا هاتۆتە ئاراوە و زیانێکی مادیشی بەو خانووبەرەیە گەیاندووە.

هەروەها سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر، بینایەک لە گەڕەکی ئیسلام ئابادی شاری سەڵماس، بەهۆی تەقینەوەی گاز بە تەواوەتی تێک رووخاوەو چەند بینای دەوروبەریشی تووشی زیانی ٤٠ هەتا ٦٠ لەسەدی بوون.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەتا کۆتایی مانگی گەلاوێژ، سەرجەم ٣٩ هاووڵاتی لەو ئوستانە بەهۆی گازگرتووی و سووتانی لەرادەبەدەر گیانیان لەدەست داوە، کە ٢٧ کەسیان ژن و ١٢ کەسیشیان پیاو بوون.

هەروەها بەپێی ئاماری ئەو رێکخراوەیە لە ماوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، سەرجەم ٢١ هاووڵاتی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە.

ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرەسە گازییەکان و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی پێویست لەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەسە گازییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان سەبارەت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان، دەبنە قوربانی.