تەقینەوەی مینە چێنراوەکان هاووڵاتییەکی کەم ئەندام کرد

14:36 - 23 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین لاوێکی کورد بە هۆی کەوتنە سەر مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لاقێکی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر لاوێکی کورد بە ناوی \"فەرزین ئەمانوڵڵاهی\" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین کەوتووەتە سەر مین و لاقێکی لە دەست داوە.

دەوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ناو مووچە و مەزاری خۆیان سەرقاڵی وەرزێڕی بووە کە تووشی ئەو رووداوە هاتووە.

سەرەتای ئەم مانگەش هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی قەسری‌شیرین بە ناوی \"فەردین محەممەد بەیگ\" بە هۆی رووداوی مینەوە بریندار ببوو.

بە پێێ ئامار و داتاکان لە ئێران زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مینی چێنراو هەیە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئێرانیش بە بەردەوامی باسیان لە خاوێن کردنەوەی زەوییەکانی ئالودە بە مین کردووە.

هەو لەو پێوەندییەدا شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن کە حکوومەتی ئێران هەتا قووڵایی ٣٠ سانتیمتری مینەکانی هەڵگرتووەتەوە و بە پێی ستانداردە جیهانییەکان دەبێ هەتا قووڵایی ٨٠ سانتیمتری ئەو کارە ئەنجام بدرێت.