تەقینەوەی مین کەم ئەندامبوونی هاووڵاتییەکی سەقزی لێکەوتەوە

14:29 - 9 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو لە نزیک یەکێک لە گوندەکانی شاری سەقز، هاووڵاتییەکی ئەم شارە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕ، لە نزیک گوندی جەوشەن لە ناوچەی سەرشیوی شاری سەقز، هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین لاقی ڕاستی لە دەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە سەقزیە بە ناوی\"ئەحمەد غولامی\" تەمەن ٤٨ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لەو ناوچە کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی گەڕەکی شەریف ئاوای شاری سەقزە کە لە نزیک کۆنە پایگای بەردەقاورمە لە کاتی کۆکردنەوەی گیا و ڕووەکی سروشتی تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، لە نزیک پایگای \"بەردە قاورمە\" شاری سەقز ڕوویداوە.

کۆنەکردنەوەی مینی دەورووبەری کۆنەپایگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە گوندەکانی کوردستان، بە هۆی بارینی باران و هەستانی لافاو و سوانی خاکەکەی لە سەر مینەکان، دەبێتە هۆی بریندار بوون یان کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی.

هەر لەم پێوەندییەدا حەوتووی ڕابردوو، هەووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی مەولوود عەزیزی، بۆ کۆکردنەوەی گیا و ڕووەکی سروشتی ڕووی لەو شاخانە کردبوو کە بە هۆی تەقینەوەی مینێک لاقێکی لە دەست دا.

لانیکەم ١٦ میلیۆن مین کە پانتاییەکەی دەکاتە نزیکەی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هێکتار لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام و خووزستان بە مین ئالوودەن.