تەقینەوەی مین و سەر لە نوێ تراژیدیی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی کورد

20:59 - 1 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە نزیک نەوت شاری قەسری شیرین لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ وماڵات بە هۆی تەقینەوەی مێنێکی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەز، شوانێکی تەمەن ٤٠ ساڵە خەڵکی شاری سەرپێل زەهاو، ڕۆژی سێ شەممە لە ناوچەی چەم نەوت، سەر بە شاری سنووری نەوت شاری بەخشی سوومار تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بوو.

هەواڵدەریی ئیرنا لەو بارەیەوە بلاوی کردەوە، ئەو مینە لە جۆری \"والمێرا\" بووە و ئەو شوانە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

پێشتریش لە نێوەڕاستی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، جووتیارێکی کورد لە شاری قەسری شیرین لە کاتێکدا خەریکی کشت و کاڵ بوو لە نێو مووچە و مەزراکەیدا بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە مانگی سەرماوەزدا، ئەمە چوارەمین هاووڵاتیی کوردە کە دەبێتە قوربانی تەقینەوەی مین.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە چێنراوەکان دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی رۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە جەنگییەکانەوە، دەبنە قوربانی.