تەقینەوەی مین لە ئەهواز لاوێکی کردە قوربانی

14:11 - 3 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تەواو بوونی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، پاش ٢٨ ساڵ، هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە نەبڕاوەتەوە و ماوە ماوە شایەتی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییان لە ئێران دەبین.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ١٣ ساڵە خەڵکی پارێزگای ئەهواز، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو، بە توندی بریندار بوو.

ماڵپەڕی \"عەسری ئەهواز\" بڵاوی کردەوە، ئەو ڕووداوە لە ناوچەی \"فکە\"ی شاری شووش لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵات بۆ ئەو هاووڵاتییە ڕوویداوە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، لەو ڕووداوەدا، ئەو لاوە تەمەن ١٣ ساڵە لەلای سەر و دەم و چاویەوە بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە؛ زۆرترین شوێنی بەرکەوتووی تەقینەوەیی ئەو مینە دەستی چەپی ئەو لاوە بووە و پزیشکەکان باسیان لە ئەگەری بڕینەوەیی دەستی ئەو هاووڵاتییەیان کردووە.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\" شوناسی ئەو لاوە تەمەن ١٣ ساڵەیەی بە \"حەسەن ڕویشدی\" ڕاگەیاندووە و هەروەها بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی شاری ئەهواز کراوە.

\"فەکە\" ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای خوزستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە.

ئێران بە پانتایی چوار میلیۆن هێکتار ئالوودە بە مینە و بە بوونی زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی بە جێماوی شەڕی هەشت ساڵە لە ٥ پارێزگا، بە دووهەمین وڵاتی ئالودە بە مین لە جیهان بە ئەژمار دێت.