تەقینەوەی مین لە ئیلام و کرماشان، دوو قوربانیی لێکەوتەوە+ئامار

16:22 - 16 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی جیاجیادا لە شارەکانی قەسری شیرن و مێهران، دوو هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە هاووڵاتییەکی مەدەنیی خەڵکی شاری قەسری شیرین لە ئوستانی کرماشان، بەناوی شێرزاد حیشمەتیان، بە توندی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراوەو هەتا کاتی بڵاوبوونەویە ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە بارودۆخی جەستەیی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

\"21960.jpg\"
شێرزاد حیشمەتیان له نەخۆشخانە
لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئیستا، هاووڵاتییەکی ئیلامی بەناوی حەبیب سادقی‌نژاد، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە بەرزاییە مێنڕێژ کراوەکانی \"قەڵاوێزان\" لە شارستانی مێهران لە ئوستانی ئیلام، لاقێکی بە توندی بریندار بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، کارمەندی دەزگای مین هەڵگرتنەوە بووە، کەلە یەکێک مەیدان مینەکانی چیای قەڵاوێزان لە سنووری نێوان ئێران و عێراق، تووشی ئەو رووداوە بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئیستا (١/١/١٣٩٣ هەتا ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٣)، لە دوو ئوستانی کرماشان و ئیلام ٩ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار و کەمئەندام بوونەو ٢ کەسیش بەو هۆیەو ەگیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوەو بە سەرنجدان بە مێنڕێژبوونی سنوورەکانی دوو ئوستانی ئیلام و کرماشان، دەکری ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.