تەقینەوەی مین لە ئیلام هاووڵاتییەکی کوردی کردە قوربانی

20:57 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران وعێراق لاقێکی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ حوسێن داوەری تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام رۆژی رابردوو لە یەکێک لە کێڵگە مینەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران عێراق بەهۆی تەقینەوەی مین بووە قوربانی.

ئەو رووداوە لە کێڵگە مینەکانی ناوچەی قەڵاوێزانی سەربە ئوستانی ئیلام هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بەوتەی چالاکانی بواری مین هەڵگرتنەوە، بەرپرسانی حکوومەتی تەنیا لە قاڵبی پروپاگەندەدا باسی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکان دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا ئەوپەڕی کەمتەرخەمییان نواندووە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ئەمساڵ ٢ هاووڵاتیی ئەهوازی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست دا و هەروەها رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار تەقینەوەی مین لە ئوستانی خۆراسانی باشوور گیان لەدەست دانی لێکۆڵەرێکی ژینگەی ئاژەڵان بەناوی \"ئەمیر تالبی گوڵ\"ی لێکەوتەوە.

هەروەها لە رۆژانی رابردوودا سەپەرستی فەرماندەی قەسری شیری رایگەیاندبوو، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١، لەئەنجامی ٨٤ حاڵەتی تەقینەوەی مین لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو شارە، ١٠ هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست داوە و ٦٧ کەسی دیکەش بریندار بوونە.