تەقینەوەی مین لە کوردستان بەردەوام قوربانی لێ دەکەوێتەوە

14:28 - 10 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، لە شاری دێهلۆران، برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی بەفرانبار، لاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ، لە ناوچەی دەشتی \"عەباس\"، لە گوندی \"ئیستقلال\"، سەر بە شاری دێهلۆران، بە هۆی مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بە توندی بریندار بوو.

بەڕێوەبەری تۆڕی بێهداشت و دەرمانی دێهلۆران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان باسی لەوە کردووە: \"هەموو جەستەی ئەو لاوە بەتایبەت لاقی به توندی بریندار بووە\".

ئەو لاوە ٣٤ ساڵەیە، دوای بەڕێکردنی بۆ ناوەندێکی دەرمانیی دێهستانی دەشتی \"عەباس\"، لە لایەن پێرسۆنێلی ئۆرژانس، بۆ چارەسەریی پزیشكی، بۆ نەخۆشخانەی \"گەنجەویانـ\"ـی شاری دێزفول ڕاگوێزراوە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، شوانێک لە ناوچەی \"سوومار\"ی کرماشان بە توندی بریندار بوو و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

دوای تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر شەڕی ئێران و عێراق، مینە بەجێماوەکان بەردەوام قوربانییان لێ دەکەوێتەوە.