تەقینەوەی مین لە کرماشان، دوو هاووڵاتیی کوردی کردە قوربانی

14:30 - 21 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ئوستانی کرماشان مین بە ماشێنێکدا (تەنکێری ئاو) کەلە حاڵی کارکردن بۆ نۆژەکردنەوەی ئاواییەکی ناوچە سنوورییەکان بووە، تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ تەنکەرێکی ئاو لە ئاوایی نەوت شار لە ئوستانی کرماشان بەهۆی کەوتنە سەر مینە چێنراوەکانی دەوروبەری رووبارێک تەقیوەتەوە و بێجگە لە بریندار بوونی شۆفێرەکە، سەرنشینی ماشێنێکی دیکەش بریندار بووە.

دەوترێت ئەو مینانەی کەلە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق چێنراون لە ئەنجامی لافاو و هێندێ هۆکاری دیکەوە شوێنەکانیان گۆڕدراوە و ئەو مینەش هەر بەو هۆکارەوە تەقیوەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٧ هاووڵاتیی کورد تەنیا لە ئوستانی کرماشان لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و کەرەسە جەنگییەکانەوە کوژراو و بریندار بوون و لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیش ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ٩ کەس تۆمار کراوە.

لەنێو کوژراو و بریندارەکانی ئەو ماوە زەمەنییەدا، ٤ مێرمنداڵ و منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵە بەرچاو دەکەوێت.

قوربانییانی مین لە ئێران سەرەڕای ئەوەی کەلە بیمەی پزیشکی بێبەری کراون، بگرە لەگەڵ نانووسینی خۆشیان وەکوو قوربانییانی تەقینەوەی مین و کەرەسە جەنگییەکانیش لەگەڵ کێشە بەرەوڕوون.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ئوستانەکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون.

ئێران بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دووهەمین وڵاتی بە مین چێنراو دێتە ئەژمار و بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە، بە شێوەی نێوەنجی رۆژانە سێ کەس لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەسە جەنگییەکانەوە، دەبنە قوربانی.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەسە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.